دەستیان بە بەدواداچوون بۆ شامپۆ کرد

قائیمقامیەتی سلێمانی چاوەڕوانی ئەنجامە

964+

دیلان محەمەد جەزا

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم ئەو دوکانانەیان کردوە، کە فرۆشیاری جۆرێکی دیاریکراوی شامپۆن نەیفرۆشن تا لە تاقیگە دەردەچێت.

گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964 وت، لە ئەنجامی گەڕانی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا دوو دوکان لە شاری سلێمانی فرۆشیاری جۆرێکی دیاریکراوی شامپۆی قژ رەشکردنەوە بوون، کە لەلایەن هاوڵاتیەکەوە سکاڵای لەسەرە.

باسی لەوەکرد، پسوڵە بۆ ئەو دوو دوکانە کراوە و نابێت بە هیچ جۆرێک ئەو شامپۆیانە بفرۆشن تا ئەنجامی تاقیگە دەردەچێت، پاشان بڕیار دەدرێت.

ئەوەی خستەڕو، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن ئاگاداری پەیجە ئۆنلاینەکان بن، لە پەیجێک کاڵا بکڕن کە باوەڕ پێکراو بێت و جێگەیان دیار بێت.

لەکاتی بونی گومان لەسەر هەر کاڵایەک بابەتەکە رادەگرن و دەیبەن بۆ پشکنین، کە لە پشکنین دەرچوو بڕیار لە کاڵاکە دەدرێت، گۆران قادر وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی