سلێمانی ده‌یه‌وێ رێژەی ستانداردی جیهانی لە سەوزایی تێبپه‌ڕێنێ

 964+

توانا نەقی – هەولێر

بە چاندنی 50 هەزار دار، سلێمانی دەیەوێت رێژەی سەوزایی ستانداردی جیهانی تێپەڕێنێت.

بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی دەڵێن رێژه‌ى سەوزایی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، پلانیش هەیە رێژەی سەوزاییەکە زیاتر بکرێت.

ئەوان دەڵێن، ئەگەر پلانەکە وەکخۆی جێبەجێ بکرێت ئەوە ستانداردی جیهانی تێدەپەڕینێت.

رێژەی ستانداردی جیهانی بەپێی رێکخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەر شارێک نابێت لە 25٪ کەمتر بێت، هێشتا هیچ شارێکی عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری بەخچەکانی سلێمانی بە 964+ ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی رابردوو نۆژەنکردنەوەی باغی گشتی و بەشێکی زۆر لە بلوارەکانی ناو شار کراوە، ئەمەش رۆڵی باشی هەبووە لە سەوزکردنی زیاتری ناو شار.

زیاتر وتی “بۆ ئەمساڵ 50 هەزار دار لە ناوەندی سلێمانی دەڕوێنین، لەگەڵ ئەمەشدا 280 نەمامی گەورە بۆ بلوارەکانی گەڕەکی توی مەلیک و ناشتنی پێنج هەزار نەمام لە پارکە بچووکەکانی دەوروبەری فاملی مۆڵ، هەروەها نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی لە بەرنامەی کارەکانماندایە و بەشێکی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەو کارانە و ناشتنی ئەو نەمامانە، ئامانجمانە رێژەی سەوزایی ستانداردی جیهانی تێدەپەڕینن.