بێ هیوا بوون
هاندەرانى یانەى زاخۆ لە گۆڕانکارییەکانی یانەکەیان رازی نین
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
هاندەرانى یانەى زاخۆ بێزارن لە ئاست و ئەنجامى یانەکەیان و گۆڕانکارییەکانى تیپەکەش دڵخۆشیان ناکات و بێ هیوان، سەرۆکى یانەکەش دەڵێت: ئەوەى لە دەسەڵاتماندا بێت کردوومانە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنى نیوەى یەکەمى وەرزى خولى سوپەری عێراق و دەستپێکردنەوەى وەزرى گواستنەوەى یاریزانان، کە ئەمڕۆ کۆتایى هات، یانەى زاخۆ گرێبەستى لەگەڵ دوو یاریزانى پیشەگەر و یاریزانێکى یەمەنى ئەنجام دا.
ستار عەبدولکەریم، ئەندامێکى دەستەى هاندەرانى یانەى زاخۆیە و لە بارەى ئاستى یانەکەیانەوە بۆ 964 قسەى کردووە و وتى، “ئەم گوڕانکاریانە لە ئاست خواستی جەماوەر نییە و هیچ ئەنجامێکی باشى لێناکەوێتەوە، بۆیە پێشبینیی هیچ ئەنجامێکى باش لە یانەکەمان ناکەین”.
لاى خۆیەوە، عەمار فەرهاد، سەرۆکى یانەى زاخۆ لە بارەى ئاستى یانەکە و گۆڕانکارییەکانەوە، بە 964ى وت، “ئەوەی پێمان کرا کردمان، هەموو هەوڵێکمان دا دڵی جەماوەرەکەمان بە یاریزانە ئاست بەرزەکان خوش بکەین”.
ئەو باسى لەوەش کرد، لە نیگەرانى هاندەران تێدەگەن، لە ماوەى گواستنەوەى یاریزاناندا پەیوەندیان بە چەند یاریزانێکەوە کردووە بۆ ئەوەى گرێبەستیان لەگەڵ بکەن، بەڵام وەک خۆى دەڵێت: ئەو یاریزانانە ئامادە نەبوون گرێبەست لەگەڵ یانەکانیان هەڵبوەشێننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح