یەکەم رۆژى دەستکردن بە پێدانى مۆڵەتى کار بە کرێکارانى بیانى وێنە: بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى
مۆڵەتى کاریان پێدەدرێت
پڕۆسەى پێدانى پێناس بۆ کرێکارانى بیانى دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
بۆ یەکەم جار دوای کۆتاییهاتنی پەتای کورۆنا، سەر لە نوێ دەستکرا بە دروستکردنەوەی پێناس بۆ کرێکارانی بیانی، بەڕێوەبەرى کارى هەولێریش دەڵێت: لە قازانجى کرێکارانى ناوخۆیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم کرێکاری بیانی لە رێی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە پێناسی تایبەت بە کارەکەی وەرگرت، فەرید عەلى، بەڕێوەبەرى کارى هەولێر لەبارەى پڕۆسەکەوە بە 964ى وت،”
یەکەم رۆژ بوو کە دەستمان بە پێدانى مۆڵەتى کار بۆ کرێکارانى بیانى کرد، واتا مۆڵەت و پێناسەکە بۆ ئەو کرێکارانەیە، کە لە شوێنە مۆڵەتدارەکان کاردەکەن”.
بە وتەى بەڕێوەبەرى کارى هەولێر، پێدانى مۆڵەت بە کرێکارانى بیانى بۆ ئەوەیە، هیچ کرێکارێک نەتوانێت بەبێ مۆڵەت و بە شێوەى نایاسایى کار بکات و یان شوێنى کرێکارى ناوخۆیى پڕبکاتەوە.
وەک فەرید عەلى دەڵێت: پڕۆسەکە لە بەرژەوەندیى کرێکارى ناوخۆیە، چونکە هەموو شوێنکارەکان پابەند دەکرێن، کە دەستى کاری ناوخۆیان 75 لەسەد بێت و 25 لە سەدى بۆ کرێکارى بیانى بێت، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆسەیە تەواو بێت، هیچ شوێنکارێک ناتوانێت زیاد لەوەى کە دیاریکراوە، کار بە کرێکارى بیانى بکات.
مۆڵەتەکە بۆ ئەو کرێکارانەیە، کە بەشێوەى یاسایى هاتوونەتە هەریمى کوردستانەوە، بۆیە بەڕێوەبەرى کارى هەولێر لە 964ـەوە، داوا لە کرێکارانى بیانى دەکات سەردانیان بکەن و مۆڵەتى کار دەربهێنن.
بە پێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیى کارى هەولێر، تەنیا لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتیى کارى هەولێر 13 هەزار و 552 کرێکارى بیانى دەستەبەر کراون.