چی کردبوو؟

شامپۆفرۆشە ئۆنلاینەکە دەستگیر کرا

964+

پێشەوا محەمەد

پۆلیسی سلێمانی کەمێک بەرلەئێستا بڵاویکردەوە، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە، کە شامپۆی بە هاوڵاتییەک فرۆشتبوو و بەهۆیەوە تووشی حەساسیە هاتبوو.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆمار كرد، كە لە لایەن كەسێكەوە شامپۆی پێ‌ فرۆشراوە و دوای بەكارهێنانی بارودۆخی تەندروستیی تێكچووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكردووە و ئەو کەسەیان لە گەڕەکی هەواری شار لە سلێمانی دەستگیر کردووە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە، ئەو کەسەی دەستگیر کراوە ناوی “م، ک، ح”ـە و لەدایکبووی ساڵی 1992ـە و بە پێی مادەی 416 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

ماددەی 416 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە ئازاردانی کەسێک بە هەڵەیەک، کە کەسێکی دیکە دەیکات، جا هۆشیارانە بێت یان ناهۆشیارانە و سزاکەی بەندکردنە بە مەرجێک لە شەش مانگ زیاتر نەبێت و سزای ماددی 225 هەزار دیناریش دەدرێت، بەڵام ئەگەر زیانگەیاندنەکە کەمئەندامبوونی لێکەوتەوە، ئەوا تۆمەتبار سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بە مەرجێک لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.

دوێنێ شەممە هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “شامپۆیەکی لە رێگەی ئۆنلاینەوە کڕیوە، کە دڵنیایی سەلامەتی لەگەڵ بووە، بەڵام تووشی حەساسیە و ئاوسان لە سەر و دەموچاوی بووە و بەو هۆیەشەوە چاوێكی نابینێت”.

وتیشی، “سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکەم، تا کەسی دیکە وەک من ماڵوێران نەبن”.

شامپۆیەکی قژ رەشکردنەوەی کڕیوە بەڵام حاڵی پەرێشان کرد...

شامپۆیەکی قژ رەشکردنەوەی کڕیوە بەڵام حاڵی پەرێشان کردووە