بۆچی تۆمار دەکرێن؟
لێدوانی وەزارەتی پەروەردە بۆ 964 لەبارەی تۆمارکردنی وانەبێژان
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کردووە و داوایان لێدەکات لەم هەفتەیەدا هەموو مامۆستایانی وانەبێژ تۆمار بکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4.2.2024، بەشدار سەرباز، بەڕێوەبەری پلان لە وەزارەتی پەروەردە بە 964ـی راگەیاند، مەبەست لە تۆمارکردنی مامۆستایانی وانەبێژ کۆکردنەوەی ئامار و داخلکردنی ناوەکانیانە لەناو سیستەمی E-parwarda هاوشێوەی مامۆستایانی میلاك، چونکە ئەوانیش مامۆستای وەزارەتی پەروەردەن.
بەپێی نووسراوێکی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بۆ گشت پەروەردەکان نێردراوە، جەخت کراوەتەوە، کە دەبێت تاوەکوو 8.2.2024، تەواوی زانیاریی وانەبێژان بنێردرێت و پەروەردەکان بەرپرس دەبن لە راست و دروستیی زانیارییەکان.
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستایە و کرێی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، مانگانە 350 هەزار دیناریان پێدەدرێت و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.