پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک
ئەگەر دایەنگە و قوتابخانەیان نەبێت دەبێت دروستی بکەن
964+
پێشەوا محەمەد
پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک ناچار بە دروستکردنی دایەنگە و قوتابخانە دەکرێن، ئەگەر بێت و پێشتر لەناو پڕۆژەکانیان دروستیان نەکردبێت.
وەبەرهێنانی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە هەماهەنگییان کردووە و لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ ئەو پرسە هەیە.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، سەردانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەن و هەر پڕۆژەیەک قوتابخانە یان دایەنگەی نەبێت پێیان دروست دەکرێت.
وتیشی، “بۆ دایەنگە رێگەیان پێدەدرێت دوو شوقەی پڕۆژەکەیان تەرخان بکەن و بیکەن بە دایەنگە، بەڵام ئەگەر قوتابخانە لە پڕۆژەکەدا نەبێت، ئەوا دەبێت لە دەرەوەی پڕۆژەکەیان و لەو شوێنەی پەروەردەی دهۆک دیاری دەکات قوتابخانەیەک دروست بکەن”.
بە پێی ئامارەکانی وەبەرهێنانی دهۆک، لە ساڵی 2007ـەوە تا ئێستا 37 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێدراوە.
“لە مۆڵەتە نوێکاندا دەبێت وەبەرهێن قوتابخانە و دایەنگەش لە پڕۆژەکەیدا دروست کات”، هەڤاڵ سدیق وای وت.