دیمهنێكی باڵهخانهى وهزارهتى خوێندنى باڵا ... وێنه: راگهیاندنى وهزارهت
لە زانکۆکانى کوردستان
پەرەپێدانی توانای کارسازی دەکرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن
964+
وریا فەتاح
بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری توانای داهێنان و کارسازی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (MIT) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەزارەتى خوێندنى باڵا پرۆژەی دامەزراندنی سەنتەرەکانی کارسازی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە 964ى وت،”لە هەنگاوی یەکەمى پرۆژەکەدا ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی (MIT) راهێنانیان پێکراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە لەئەستۆ دەگرن”.
وەک ئەوەى عەباس ئەکرەم باسى دەکات، ئەرکی ئەو سەنتەرانە بریتی دەبێت لە داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە راهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان، بۆئەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن.
بەوتەی عەباس ئەکرەم، ئەم سەنتەرانە کارئاسانی دەکەن بۆ رێکخستنی ئەو چالاکیانەی کە پەیوەندیدارن بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە و دروستکردنی مۆدێلی نوێی کارسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن ویلایەتەیەکگرتوەەکانی ئەمەریکا و کونسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەولێر پشتیوانی دەکرێت و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و رێکخراوی (IREX) و زانکۆی (MIT) جێبەجێ دەکرێت.