11 هەزار کەس راهێنان دەکەن بە هیوای دامەزراندن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

راهێنان بە دەرچووانی بەشی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دەرچووی خولەکان ئامادە دەکرێن و دواتر بە چەند قۆناغێک پۆلێن دەکرێن و ئەو کەسانەی مەرجیان تێدایە دادەمەزرێن.

ئەو کەسانەی بەشداری خولی راهێنانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن، 11 هەزار کەسن و ساڵی رابردوو بەهیوای دامەزراندن فۆڕمی وەزارەتەکەیان پڕکردووەتەوە.

ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە 964+ی راگەیاند، لە رۆژی شەممە، 8ی کانونی دووەم، لە چەند شارێک راھێنانەکان دەستیان پێکردووە و لەم ھەفتەیەوە بە چەند قۆناغێک بە فراوانتر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەستدەکرێت بە ئەنجامدانی راھێنان.

وتیشی، “بڕیارە بەشداربووانی خولەکە لە کەرتی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیان دابمەزرێن.”

رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022 وەزارەتی کشتوکاڵ فۆڕمێکی بۆ دامەزراندنی پێنج ھەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بەڵام زیاتر لە 11 ھەزار کەس ئەو فۆڕمەیان پڕکردەوە.