وەک کاردانەوەی سزاکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا

لیژنەی دارایی پەرلەمان داوا دەکات عێراق نەوت بە دۆلار نەفرۆشێت

964+

فەهمی نەبی

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو سزایەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا خستیە سەر بانکی ئەلهودای عێراقی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە داوادەکات، چیتر عێراق نەوت بە دۆلار نەفرۆشێت.

لە راگەیەنراوەکەی لیژنەی دارایی هاتووە، “گەنجینەی ئەمەریکا تا ئێستاش بیانووی سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی سزاکانی بەسەر بانکەکانی عێراقدا، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتیمانی هەیە کۆتایی بەم بڕیارە بهێنێت”.

“سەپاندنی سزا بەسەر بانکە عێراقییەکان دەبێتە هۆی تێکدان و ئاستەنگ لە هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار و کەمکردنەوەی جیاوازیی فرۆشتن لە نێوان نرخە فەرمی و هاوتەریبەکاندا” ئەمەش بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیە.

هاوکات ئەوەش هاتووە “پێشنیار دەکەین وەزارەتی نەوت پابەند بکرێت بە فرۆشتنی نەوتی عێراق بە دراوی تری بیانی و رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ رزگاربوون لە هەژموونی دۆلار”.

رۆژی 29.1.2024 ئالینا رومانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەسەر تۆڕی X تویتێکی کرد و نووسی، “بانکی هودا لەرێگەی دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی و پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆرستی بەدیاریکراوی رێکخراوی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سزای دارایی بەسەر بانکەکە و بەڕێوەبەرەکەی سەپاندووە”.

ئەمریکا بانکی هودای عێراقی خستە لیستی سزاکانی

ئەمریکا بانکی هودای عێراقی خستە لیستی سزاکانی

رۆژی 30.1.2024 بانکى ناوەندى عێراق، رونکردنەوەیەکى لەبارەى سزادانى بانکى هوداى عێراقى بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەبێ مامەڵەکردن بە دۆلارى ئەمەریکى، بانکەکە لە کارکردن بەردەوام دەبێت.

راگەیەنراوێک لە بانکى ناوەندییەوە

راگەیەنراوێک لە بانکى ناوەندییەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بانکی ناوەندی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت، تەنیا یەک بانک خراوەتە لیستی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکرێنەوە کە دەڵێن کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیا خراونەیە لیستی سزاکان.

بانکی ناوەندی: دەنگۆی سزادانی 8 بانک رەتدەکەینەوە

بانکی ناوەندی: دەنگۆی سزادانی 8 بانک رەتدەکەینەوە