تەمەنی گەشتە خانەنشینی
قایمقامی کەلار گۆڕدرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
تەمەنی قایمقامی قەزای کەلار گەیشت بە خانەنشینی و بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوەدەبات.
شەھاب ئەحمەد ماوەی نۆ ساڵە لە پۆستی قایمقامی قەزای کەلارە.
چۆمان ئەحمەد، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت، “تاوەکو ئیستا بەشێوەی فەرمی قایمقامی قەزاکە فەرمانی خانەنشینی بۆ نەھاتووەتەوە، بەڵام بەھۆی گەیشتنی تەمەنی بە خانەنشینی، شەھاب ئەحمەد قایمقامی قەزای کەلار لە پۆستەکەی لابراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆ دانا ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل راسپێردراوە لەگەڵ پۆستەکەی خۆیدا بەوەکالەت قایمقامیەتی قەزای کەلاریش بەڕێوەببات، بۆئەوەی کێشەی یاسایی لە کارەکان روونەدات.
964 دەزانێت چەند کەسێک سیڤیان بۆ پۆستی قایمقامیەتی قەزاکە پێشکەش کردووە، بەڵام تائێستا ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ دەستبەکاربوونی کەسێکی نوێ بۆ پۆستی قایمقامیەتی قەزای کەلار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی