بەڵێنیانداوە بایکۆت بشکێنن
تاکە سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی بایکۆتی کردووە
964+
ژووری هەواڵ
لە شاری سلێمانی تەنیا یەک سەنتەری ئۆتیزم هەیە و ئەوانیش بایکۆتیان راگەیاندووە و داوای پێدانی موچوکانیان دەکەن، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، بەڵێنیانداوە سبەینێ بایکۆت بشکێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.1.2024، د. عەلی ناجی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی کار بە 964ـی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی حکومی سلێمانی کۆبوونەتەوە و بەڵێنیان لێوەرگرتوون کە سبەی دووشەممە دەستبکەنەوە بە دەوامکردن.
نزیکەی 50 توشبووی ئۆتیزم سوودمەند دەبن لە سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی، لە بازیانیش سەنتەری ئۆتیزمی لوتفیە مەلاغالب هەیە و 30 منداڵ لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەوان بایکۆتی دەوامیان نەکردووە، د. عەلی ناجی وای وت.
رزگار عوسمان، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی بە 964ـی وت، لەسەر شکاندنی بایکۆت هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە، بەڵام لەبەر خاتری تەندروستی توشبووانی ئۆتیزم هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کارمەندەکان لە هەفتەکەدا دەوامێکی کەمتر بکەن و بەو جۆرە بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، زیکەی چوار هەزار کەیسی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن.