فەردەی ئاردی بایەعی دەردەکەوێت - وێنە: 964
بایەعییەکە هۆکارە
ئارد هەرزان بووە
964+
پێشەوا محەمەد
نرخی ئارد دابەزیوە و فەردەیەک لە 24 هەزار دینارەوە بووە بە 18 هەزار دینار، وەزارەتی بازرگانیی هەرێم دەڵێت، دابەشکردنی بەشە ئاردی سەبەتەی خۆراک هۆکاری ئەو دابەزینەیە.
جگە لە بەشە ئاردی بەشە خۆراک، نرخی بازرگانییەکەش دابەزیوە و هەردوو جۆری رووسی و بیشەری تورکی سێ تا پێنج هەزار دینار نرخیان کەمبووەتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، دابەشکردنی بەشە ئارد بە بەردەوامی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابەزینی ئارد هەیە، چونکە زۆردەبێت و هاوڵاتیان ئەو رێژەیە بەکارناهێنن.
وتیشی، “ئێستا کەم ماڵ هەیە پێویستی بەو ئاردە بێت و دەیفرۆشێتەوە، ئەوەش وادەکات خستنەڕوو زیاتر بێت و دەبێتە هۆی کەمی خواست و ئەوەش نرخ دادەبەزێنێت”.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 600 تۆن ئارد هەیە و لە بەغداوە دابین دەکرێت، بەڵام هەرێم بایی لەوە زیاتری گەنم هەیە و دەیدات بە بەغدا.
“لە هەفتەی داهاتوودا بەشە ئاردی سەبەتەی خۆراکی مانگی یەکی ساڵی 2024 دابەش دەکرێت و ئاردەکەش وەک مانگەکانی پێشوو زۆر کوالێتییەکی باشی هەیە”، ئەوەش قسەی نەوزاد شێخ کامیلە.