وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل

ئیسرائیل ناوەستێت و بەریتانیاش ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات

+964

ژووری هەواڵ

بنیامین نەتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەنجومەنی جەنگ رەزامەندی دەربڕیوە بڕی 24 هەزار تۆن ئارد بنێردرێتە غەزە لە رێگەی بەندەری ئەشدۆدەوە بۆ دەروازەی کەرەم ئەبو سالم.

ماڵپەڕی فاینانشال تایمز بڵاویكرده‌وه‌، ئیسرائیل 1100 باڵەخانە لە غەزە دەڕوخێنێت بۆ ئەوەی ناوچەیەکی دابڕاو دروست بکات.

بڕیارە رۆژی هەینی دادگای نێوده‌وڵه‌تی داد، بڕیاری خۆیان سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە کردەوەی نامرۆیی بەرامبەر خەڵکی غەزە دەربکەن، كه‌ باشووری ئه‌فریقا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كردووه‌.

ئیلانا شتاین، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ناوەستێت لە لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و گەڕاندنەوەی گشت دیلەکانیان، وتیشی، غەزە نابێتە هەڕەشەیه‌کی ئەمنی بۆ سەر ئیسرائیل.

حوسیەکانی یه‌مه‌ن دەڵێن بۆ ماوەی 2 کاتژمێر لەگەڵ کەشتییەکانی ئەمریکا شەڕیان کردووە و لە کۆتاییدا رێگرییان لە هەردوو کەشتییە بازرگانییەکە کردووه‌ بێنە ناوەوە و ناچاریان كردوون پاشه‌كشێ بكه‌ن.
پاتریک ساندەرز سەرۆک ئەرکانی سوپای بەریتانیا داوای کردووە راهێنان بە هاوڵاتیان بکرێت، بۆ ئامادەکردنیان بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو، ئەوە تەنیا وەک رێوشوێنێک دەبینێت بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی بە تایبەت بەرامبەر هەڕەشەکانی رووسیا.