ئه‌مڕۆ ریزبه‌ندی خولی كوردستان له‌ به‌رده‌م گۆڕانكارییدایه‌

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ـی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی گه‌ڕی 15ـی خولی نایابی كوردستان یاریی به‌هێزی تێدا ده‌كرێت، كه‌ بۆی هه‌یه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر ریزبه‌ندی تیپه‌كانی پێشه‌وه‌دا بهێنێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 14:00 به‌ كاتی كوردستان، چوار یاری له‌ خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان دێنه‌ ئه‌نجامدان.

ركابه‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆ تیپه‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندی به‌گژیه‌كدا ده‌كات.

یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كه‌ ئێستا به‌ 24 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌مه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر یانه‌ی چوارقوڕنه‌ یاریی ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ی دواییش له‌ پله‌ی پێنجه‌مه‌ به‌ 19 خاڵ.

چوارقوڕنه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م وه‌رزه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداریی خولی نایابی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام تیپێكی به‌هێزه‌، هه‌روه‌ها راهێنه‌ر و یاریزانێك و گۆڵپارێزه‌كه‌ی، به‌ باشترینی مانگی رابردووی خولی كوردستان دیاریی كراون.

پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت بردنه‌وه‌ تۆمار بكات، بۆ ئه‌وه‌ی پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی له‌ ئارارات وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی ئێستا به‌ 26 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، له‌ هه‌ولێر هه‌ردوو یانه‌ی برایه‌تی و هندرێن رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌، كه‌ چاوه‌ڕێی یارییه‌كی به‌هێزی لێده‌كرێت.

برایه‌تی و هندرێن هه‌ریه‌كه‌ی 20 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌كانی سێیه‌م و چواره‌می ریزبه‌ندین، ئه‌وانیش ململانێ ده‌كه‌ن بۆ چوونه‌پێشی زیاتر له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا.

خشته‌ و كاتی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:

چوارقوڕنه‌ – پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر   14:00

برایه‌تی – هندرێن  14:00

ئاكرێ – سه‌یدسادق  14:00

 زاخۆ – ده‌ربه‌ندیخان 14:00 .

هه‌ر له‌ گه‌ڕی 15ـی خوله‌كه‌دا، ئێواره‌ی دوێنێ چه‌ند یارییه‌ك به‌ڕێوه‌چوون، كه‌ ئه‌نجامه‌كانیان به‌م شێوه‌یه‌ بوون:

شێروانه‌ 3-1 سیروانی نوێ

شه‌قڵاوه‌ 0-1 ئارارات

سۆران1-3 دهۆك.