حەوت دۆسیە تاوتوێ دەکات
سبەی هەموو دۆسیەکانی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر کورد دەبێت
964+
پێشەوا محەمەد
دادگای فیدڕاڵیی عێراق سبەینێ یەکشەممە دادەنیشێت و حەوت دۆسییەی لەبەردەستە، پێنجیان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دوانیشیان لەسەر ناوچە جێناکۆکەکانن.
بە پێی کارنامەی دادگاکە، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی دادگای فیدڕاڵیدا بڵاوکراوەتەوە، سبەینێ یەکشەممە 21.1.2024 دانیشتن لەسەر حەوت دۆسییە دەکرێت کە سەرجەمیان لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوودا دانیشتنێکیان لەسەر کراوە و یەکلاییکردنەوەیان دواخراوە.
مامۆستا نەجمەدین محەمەد، یەکێک لەو مامۆستا ناڕازییانەی کە لە دۆسیەی حەوتەمی سبەی دادگا ئامادە دەبێت بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “چاوەڕوان دەکەین بەیانی بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێت، جاری پێشوو بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی دانیشتنەکە دواخرا، بەڵام بڕیارە سبەی وەزیری دارایی هەرێم ئامادەی دانیشتنەکە بێت”.
دۆسییەی یەکەم، بریتییە لە داواکارییەک بۆ نادەستووری ناساندنی بڕیاری هەڵوەشاوەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش بە ژمارە 949ـی ساڵی 1977، کە تایبەتە بەو زەوییانەی خاوەندارێتیان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ گوازراوەتەوە بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
دۆسییەی دووەم، داواکارییەکی دیکەیە بۆ بە نادەستووری ناساندنی بڕیاری هەڵوەشاوەی هەمان ئەنجوومەن بە ژمارە 824ـی ساڵی 1976 کە وەزارەتی کشتوکاڵ لە قەزای داقوق بێ گوێدان بە خاوەندارێتییەکەی هەندێ زەوی کردووە بەناوی خۆیەوە.
دۆسیەی سێیەم، سکاڵا لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەم، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم تۆمارکراوە و داوا کراوە، کە مادەکانی یەک، نۆ، 15، 22 و 36 لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نادەستوورین.
دۆسیەی چوارەم، سکاڵایەک تۆمار کراوە و داوا کراوە مووچەی مانگەکانی تەموز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 بدرێت و حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا ناچار بکرێن پابەند بن بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک هاوبەشانیان لە بەغدا و گێڕانەوەی ئەو موچانە بۆیان.
دۆسیەی پێنجەم، سکاڵایەک لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عێراق تۆمار کراوە، کە دادگای فیدڕاڵی پابەندیان بکات بە جێبەجێکردنی بوودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025.
شەشەم دۆسییە سکاڵایەکە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە دەرکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری لە قەڵەم بدرێت.
حەوتەم دۆسییە و کۆتایی سکاڵایەکە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی تۆمار کراوە و داوا کراوە ئەو دوانە پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی موچەی فەرمانبەران، بەتایبەت مادەکانی شەش، حەوت، هەشت و نۆی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.