ژمارەیەک گەنج

وێنەى شاعیرانى کورد لەسەر دیوارى دوو قوتابخانە دەنەخشێنن

وریا فەتاح

کۆمەڵێک گەنجى خۆبەخش، لە ناحیەى رزگارى سنورى گەرمیان وێنەى شاعیرانى کورد لەسەر دیوارى دوو خوێندنگا دەنەخشێنن.

زیاد فایەق، رێکخەرى پڕۆژەکانى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى کە لە سنورى گەرمیان و ناوچە دابڕێنراوەکان کاردەکەن، بە 964ى وت،”کۆمەڵێک پڕۆژەمان هەیە، یەکێک لە پڕۆژەکەمان گەنجانەیە و لەگەڵ گروپى پڕۆژەى کتێب ئەنجاممانداوە کە نەخشاندنى وێنەى شاعیرانى کوردە لەسەر دیوارى خوێندنگای ئامادەیی بەمۆ و گەرمیان، لەناحییەی رزگاری”.

گروپەکە لە 22 کچ و کوڕى گەنج پێکهاتوون و ماوەى دوو مانگە دامەزراون و بەشێوەیەکى خۆبەخشى چەند کارێکیان ئەنجامداوە.

بەوتەى بەڕێوەبەرى پڕۆژەکانى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى، ئامانج لە کارەکە جوانکردنی سیمای ناوەندە پەروەردەییەکان و ناساندنی شاعیرانە بە خوێندکاران و کۆمەڵگە .

“کارەکە،پەیامێکی ژینگەییە دژی ئەو کلتورە ناشرینەی کە لە دیواری شوێنە گشتییەکان بە نوسینی دروشمە خراپ و ناپەروەردەییەکان کە پیس دەکرێن” زیاد فایەق واى بە 964 وت.نن .