هەفتەى داهاتوو بڕیار دەدرێت
پڕۆژەیەکى جێگرەوەى ئاوى خواردنەوەى دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت
964+
وریا فەتاح
هەفتەى داهاتوو لە بارەى دابینکردنى بڕى 10 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى دەربەندیخان بڕیارى لێدەدرێت و قایمقامى قەزاکەش دەڵێت: ئەگەر نەگەین بە رێککەوتن پرۆژەی جێگرەوەى ئاوی خواردنەوە درووست دەکەین.
سلێمان محەمەد، قایمقامى قەزاى دەربەندیخان بە 964ـی وت،”لە ههوڵى بهردهواممان بۆ تهواوكردنى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى دەربەندیخان، هەرچەندە لە ماوەی رابردوو بڕیاربوو لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای ئۆهیتان کە جێبەجێکارى پڕۆژەکەیە، دابین بکرێت، بەڵام دوای چەندجار دانیشتن و گفتوگۆکردن سەرەنجام نەگەشتن بە رێککەوتن بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیە”.
دوێنێ لیژنەیەک لە نوسینگەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت سەردانى قەزاى دەربەندیخانیان کردووە، بە وتەى قایمقامى قەزاکە، نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت پێیان راگەیاندوون لە کاتی رێکنەکەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای ئۆهیتان لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیاربوو پێیان بدرێت، پرۆژەیەکی جێگرەوەى پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزاکە جێبەجێدەکرێت.
سلێمان محەمەد دەڵێت: ئەگەر هەردوولا گەیشتنە ئەنجام، ئەوا کۆمپانیاى ئۆهیتان دەستبەکار دەبێت، ئەگەر نا پڕۆژە جێگرەوەکە دەستپێدەکات و دەبێت بە شێوەیەک بێت کە رەزامەندى ئیدارەى شارى لەسەر بێت.
قایمقامى دەربەندیخان داواى گەرەنتى کردووە بۆ ئەو بڕە پارەیەى بڕیارە دابین بکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەى کارکردن لە پڕۆژەکە نەوەستێت و بە وتەى سلێمان محەمەدیش، بڕیارە هەفتەى داهاتوو لە نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و بڕیارى کۆتایى بدرێت.
پڕۆژهكه كهوتووهته خوارهوهى بهنداوى دهربهندیخان له ساڵى 2013 دهستىپێكراوه و 50%ى کارەکانى تەواو بووە، بهڵام بههۆى قهیرانى دارایی كارهكانى وهستاوە و هەندێ کێشەى کارگێڕییەوە کارەکانى وەستاوە.