لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ

لە هەولێر سەنتەرێک بۆ رێگریکردن لە کۆچ دادەمەزرێت

964+

ژووری هەواڵ

بەمەبەستی کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی و بەرزکردنەوەی هۆشیاری، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەنتەری راوێژکاری کۆچ دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17.1.2024،  ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان رایگەیاند، پرۆژەی کردنەوەی سەنتەری راوێژکاری کۆچ لەلایەن رێکخراوی ICMPD لە ڤیێنا پشتیوانی دەکرێت و تێچووی پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی نەرویج دامەزراوەی کۆچ دابین کراوە.

“سەرەتا سەنتەرەکە لە پارێزگای هەولێر دادەمەزرێت و دواتر پارێزگای سلێمانی و دواتریش تەواوی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە”، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان وا دەڵێت.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کارەکانی دامەزراندنی سەنتەرەکە، ئەمڕۆ سەرۆکی رێکخراوی ICMPD لە ڤیێنا و بەڕێزان نوێنەرانی باڵیۆزخانەی دانیمارک و باڵیۆزخانەی نرویج لە عمان و دامەزراوەی کۆچی سویدی و دامەزراوەی کۆچی نەرویجی سەردانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی کرد.

بڕیارە پرۆژەکە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر بکەوێتە کار.

لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، 21 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمە بە گوێرەی ئامارێک کە لەلایەن کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بڵاوکراوەتەوە.

"ئەمساڵ 21 هەزار کەس لە هەرێمەوە کۆچیان کردووە"