پۆلیسی سلێمانی دوو کەسی دەستگیرکرد
بە فێڵی چاککردنەوە ئۆتۆمبێلی باوکی دزیووە
964+
فەهمی نەبی
هاوڵاتییەکی پارێزگای سلێمانی لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە و دەڵێت، کوڕەکەیان بەفێڵی چاککردنەوە، ئۆتۆمبێلی باوکەکەی بردووە و فرۆشتوویەتی، پۆلیسی سلێمانی لەسەر ئەو کەیسە کوڕی ماڵەکە و کەسێکی دیکەی دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.1.2024 پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئوتۆمبێلی سهربه بهشی نههێشتنی تاوان، بههاوكاری نوسینگهكانی رۆژههڵاتو ئیبراهیم ئهحمهد توانیویانە ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ 964 باسی رووداوەکەی بەمشێوەیە کرد، “لەم شەوانە هاوڵاتییەک پرسیاری دیارنەمانی ئۆتۆمبێلەکەی لە کوڕەکەی دەکات، ئەویش دەڵێت بردوومەتە لای وەستا بۆ چاککردنەوە، دوای سەروسۆراغ دەردەکەوێت بەدزیەوە فرۆشتویەتی”.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش دەڵێت، دوای ئەوەی سکاڵای ئەو هاوڵاتییە گەیشتە لای پۆلیسی سلێمانی بەفەرمانی دادوەر هەردوو تۆمەتبار (س، ع، أ) لهدایكبووی 1983 و (ڕ، هـ، ا) لهدایكبووی 1993 دەستگیرکراون، یەکێکیان تۆمەتبارەکەیە و ئەوەی دیکەیان کڕیارەکەیە بەنرخێکی هەرزان لێی کڕیوە و بووەتە بەشێک لەو کردەیە.
بەگوێرەی ئەو وێنەیەی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی دزراوە جۆری Jeep بووە.