چاو چاو نابینێت
ئەگەر ناچار نیت رێگای هەیبەت سوڵتان بەکارمەهێنە
964+
پێشەوا محەمەد
بەهۆی بوونی تەمێکی چڕ هاتوچۆی کۆیە هۆشداری لە بەکارهێنانی رێگای هەیبەتسوڵتان دەدات و دەڵێت، ئەگەر شۆفێران ناچار نەبن باشترە بەکاری نەهێنن.
سەنگەر سەعید، وتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر شۆفێران ناچار نەبن ئەوە باشترە کە شەقامەکە بەکارنەهێنن، بەڵام ئەگەر هەر ناچار بوون زۆر گرنگە پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
بە بڕوای ئەو، پێویستە شۆفێر لەو کەشەدا خێراییەکەی لە 20 تا 30 کیلۆمەتر زیاتر نەبێت، بە لایتی نزم بڕوات و فلاشی چواری هەڵبکات، لە بەکارهێنانی مۆبایل دووربکەونەوە و بۆ رۆیشتنیش لای راستی شەقامەکە بگرن نەک ناوەڕاست.
وتیشی، “ئێمە مەفرەزەمان لەو رێگایە هەیە و هەندێ شۆفێر ناتوانن شەقامە قیرەکە ببینن و رێنماییان دەکەین”.
هەیبەت سوڵتان چیایەکی قەزای کۆیەیە، بەهۆی بەرزییەکەیەوە ساڵانە لە مانگی 12 تا کۆتایی مانگی یەک بەتایبەتی لە شەواندا تەمێکی چڕی تێدا دروست دەبێت.
“خێرایی بینین لەو شوێنانەی رووناکی هەیە 10 مەترە و لەو شوێنانەش رووناکی نییە دوو تا سێ مەتر، جگە لەوەش قوڕ و ئاوێکی زۆر لەسەر شەقامی هەیبەت سوڵتانە کە دەبێتە هۆی خزان”، ئەوەش قسەی سەنگەر سەعیدە.