"بەدوای خواردندا گەڕاوە"
گورگ لە دامێنی گۆیژە بینراوە؛ پۆلیسی دارستان چی دەڵێت؟
964+
ئەحمەد مستەفا
“گورگ لە گۆیژە بینراوە”، ئەوە بووە بە ناونیشانی ژمارەیەک هەژماری کەسیی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانی، پۆلیسی دارستان بۆی پشتڕاست نەبووەتەوە گورگ لەو ناوچەیە هەبووبێ.
لە سلێمانی، پێشتر لە قەرەداغ و چەند ناوچەیەک گورگیان بینیوە، بەڵام وتەبێژەکەیان بە 964ی وت، “گۆیژە گورگی لێ نەبووە”.
عەلی حوسێن، کابرایەکی شاخەوانە و دەڵێ گورگم لە دامێنی گۆیژە بینیوە و ڤیدیۆی گورگەکەشی تۆمارکردووە، ژمارەیەک هەژماری کەسی بڵاویانکردووەتەوە و بە خەڵکیان وتووە، هیوادارین گەشتیاران و شاخەوانان کەمێک ئاگاداربن، تکایە بە هیچ جۆرێک ئازاری پێ مەگەیەنن ئەگەر بینیتان.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی نەیشاردەوە دیمەنی گورگەکەیان پێ گەیەندراوە، هێمن کەمەرخانی وتەبێژ بە 964ی وت، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان ماوەی رابردوو تەنیا لە قەزای قەرەداغ گورگیان بینیوە یان ناوچەی دیکە، بەڵام لە دامێنی گۆیژە و نزیک ئاوەدانی نەبوون.
ئەو وتی، گورگ گیاندارێکی دڕندەیە، ئەوەی لەلای ئێمە گرنگ بێت پاراستنی گیانی منداڵ و گەنجانە لە رووداوی نەخوازراو، بوونی گورگەکە لە دامێنی گۆیژە تائێستا بۆ هێزەکانمان یەکلانەبووەتەوە و خۆمان نەمانبینیوە، بەڵام ئەگەر هەشبێت ئەوە بەهۆی سارد و سەرماوە هاتووە و بەدوای خواردندا گەڕاوە.