کارەبا هاتەوە
ئەو تاوەرەی هەورەبروسکە لێیدا چاککرایەوە
964+
وریا فەتاح
ئەو تاوەرەى کارەبا کە دوێنێ بەهۆى هەورە بروسکە لەکار کەوت، ئەمڕۆ چاککرایەوە و گواستنەوەى کارەبا ئاسایى بووەوە.
ئەندازیار دڵزار عەبدول رەحمان لێپرسراوی بەشی هێڵەکان لە بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى بە 964ى وت،”دوێنێ، بەهۆى هەورە بروسکە تاوەرى هێڵى 132 کەى ڤى دوکان – سلێمانى لەکار کەوت و بووە هۆى بڕانى کارەبا، بەڵام ئەمڕۆ هۆبەی چاكسازی هێڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی بە هاوكاری هۆبەی ئامێرەكان چارەسەرى کێشەکەیان کرد.
چاککردنەوەى تاوەرەکە کارێکى زەحمەت بووە، بەڵام وەک دڵزار عەبدول رەحمان باسى لێوە دەکات، بەسەرکەوتوویى کارەکە ئەنجامدرا و سەرجەم پێداویستى کارەکە بە کۆڵ گواسترانەوە.
لە دواى چاککردنەوەى هێڵەکە، لە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە، گواستنەوەى کارەبا لە هێڵەکە ئاسایى بووەتەوە.