زۆری نەماوە خانەنشینانی سلێمانی بە کارتی زیرەک موچە وەربگرن
964+
هاوبەش ئەبو بەکر – سلێمانی
لە سلێمانی موچەی خانەنشینان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، قۆناغەکانی دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەی خانەنشینان کاراتر کراون و تەواو دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئاوات جەنابی وەزیر دوو رۆژ لە سلێمانی بووە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سلێمانی و رێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکییەکانی سنورەکە و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان.
وەزیری دارایی بڕیاریداوە، هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە.
بانکی باخان و بانکی کوردسات لە سلێمانین و موچەی خانەنشینان لە رێگەی ئەو دوو بانکەوە دەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، بینای بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی بە تەواوی تەرخان دەکرێت بۆ خانەنشینی و کاردەکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
لە ماوەی رابردوودا، خانەنشینان گرفتیان هەبوو لە وەرگرتنی موچەکانیان، بەوەی لە بەردەم بانکەکاندا بۆ چەندین کاتژمێر دەوەستان و ماندوو دەبوون، تەنانەت لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، زیاتر لە پێنج کەس بەو هۆکارانە گیانیان لەدەستداوە.
بۆ چارەسەری ئەمە، ماوەی چەند مانگێکە خانەنشینانی ناوەندی شاری سلێمانی لە چەند مۆڵێکدا موچەکانیان وەردەگرن، کە لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە بە کرێ گیراون.