"ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکەین 150 هەزارمان زەرەرە"
ئایا بڕیاری هەرزانکردنی نان لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت؟
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ فرۆشتنی 10 نان بە هەزار دینار لە سلێمانی نەچووەتە جێبەجێکردنەوە و نوێنەری نانەواخانەکانیش دەڵێت، ئەگەر وابکەین رۆژانە 150 هەزار دینارمان زەرەرە.
بڕیارە تازەکەی حکومەت بۆ فرۆشتنی 10 نان بە هەزار دینار سێ رۆژێکە لە هەولێر هەڵای ناوەتەوە و گردبونەوەو ناڕەزایی جۆراجۆری لێکەوتەوە تا دواجار ئەمڕۆ 610 نانەواخانەی هەولێر کارەکانیان وەستاند، بەڵام لە سلێمانی هیچ دەنگوباسی بایکۆتی نانەواخەکان نییە.
وەستا داود عومەر، نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانیە بە 964 وت، تا ئەم ساتە لەلایەن هیچ شوێنێکەوە ئاگادار نەکراونەتەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، ئێستاش لە سلێمانی شەش نان بە ئەنگوتکی 130 بۆ 135 گرام یان هەشت نان بە ئەنگوتکی 90 بۆ 100 گرام بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.
وتیشی، نرخی ئەو ئاردەی دەدرێت بە نانەواخانەکان تەنیا هەزار دینار کەمترە لە نرخی بازار بۆیە، “ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکەین دەبێت رۆژی 150 هەزار دینار زەرەر بدەین”.
بە قسەی وەستا داود، بڕیاری هەرزانکردنی نرخی غاز بۆ نانەواخانەکان بێ سوودە، چونکە بتڵێک غازیان بە شەش هەزار و 750 دینار پێ دەدەن و کرێی کارەبا کەم دەکەنەوە، بەڵام بەیانیان کارەبا نیە دەبێت بەنزین بۆ موەلیدەکانیان بکڕن.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین