هەڕەشەی لە 230 ژن کردووە
پۆلیسی دهۆک کەسێکی مەترسیداری دەستگیر کرد
964+
پێشەوا محەمەد
پۆلیسی پارێزگای دهۆک کەسێکی دەستگیر کردووە، کە بەرامبەر وەرگرتنی پارە هەڕەشەی لە 230 ژن کردووە.
تۆمەتبارەکە تەمەنی 28 ساڵە و دانیشتووی شاری دهۆک بووە.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە 964ـی راگەیاند، لەناو تەلەفۆنی تۆمەتبارەکە پێنج پەیجی ئینستاگرامی جیاواز هەبوون و هەڕەشەی لە 230 ژن و کچ کردووە.
دەشڵێت، هەندێک لە کچ و ژنەکان وێنە و ڤیدیۆیان بۆ ناردووە و کەوتوونەتە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەو کەسە و بەڵام نەیتوانیوە لەگەڵ هەندێک لەو ژن و کچانە هیچ بکات.
ئەو تۆمەتبارە بە پێی مادەی 2ـی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008ـی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
“ئەو تۆمەتبارە پێشینەی تاوانیشی هەیە و دوای چەند سکاڵایەک لەسەری، پۆلیس ماوەی دوو مانگ بە شوێنییەوە بووە تا دەستگیری کردووە”، ئەوەش قسەی هێمن سلێمانە.
سزای مادەی دوو لەو یاسایە بریتییە لە سزای زیندانیکردن کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها سزای دارایی کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت و بە یەکێک لەو دووان سزا دەدرێت.