دەبێت 600 هەزار دیناریش بدەن
لەسەر رووباری سیروان چوار راوچی دەستگیرکران
964+
ئەحمەد مستەفا
مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێباز چوار راوچی ماسییان بە خۆیان و چوپەکانییانەوە دەستگیرکرد، بەهۆی نایاسایی کارەکەیانەوە سزای مادیش دران.
راوچییەکان لەسەر رووباری سیروان سەرقاڵی راوکردنی ماسی بوون ئەو کەرەستانەی بەکاریانهێناوە بۆ راوکردنەکە نایاسایی بووە، ئەمە سەرەرای ئەوەی بڕیارە مانگی سێی ئەمساڵ قەدەغەی راوکردنی ماسی دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوامبێت.
بە وتەی هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی بێت بۆ 964، کارمەندەکانی بنکەی پۆلیس پێباز لە ئیدارەی گەرمیان، بە سەرپەرشتی لێپرسراوی بنکەکەیان چوونەتە ناوچەکە، و لەسەر رووباری سیروان تووشی راوچییەکان بوون و دەستگیریان کردوون.
چوار راوچییە دەستگیرکراوەکان، بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکی راوکردنی ماسی بوون، بە وتەی پۆلیس بێت، سەرجەم کەرەستەکان دەستی بەسەردا گیراوە وە بە بڕی 600 هەزار دینار سزادراون و کەرەستەکانیان تەلەفدەکرێن، راوچییەکانیش تا بڕیاردانی دادوەری ئیشکگر رادەگیرێن.