"ئینشائەڵا ناگەین بەوەى ئیجرائات لەگەڵ مامۆستایان بکەین"

پەروەردەى رانیە: سبەینێ دەرگاى قوتابخانەکان دەکەینەوە

964+

وریا فەتاح

پەروەردەى رانیە لە ئاگادارییەکدا، دەستپێکردنەوەى دەوامى راگەیاند و بەڕێوەبەرى پەروەردەش دەڵێت: تەمەننا دەکەین نەگەینە ئیجرائاتکردن.

بەپێى ئاگادارییەکە، نووسراوى دەستپێکردنەوەى دەوام بۆ سەرجەم ناوەندەکانى خوێندنى سنورەکە نێردراوە و داوایان لێدەکات، سبەینێ سێشەممە دەرگاى قوتابخانەکان بەڕووى قوتابیان و مامۆستایان بکەنەوە.

پەروەردەى رانیە داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان دەکات، رێکارى یاسایى و کارگێرى خۆیان بگرنەبەر و ئەو بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانەی ئامادەنین بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام یاداشتێک بنوسن و سبەینێ رۆژی سێشەممە ئاراستەی پەروەردەی بکەن.

لە بارەى ئەو مامۆستایانەى میلاک و وانەبێژن و ئامادەنین دەوام بکەن، پەروەردەى رانیە داوا لە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان دەکات، بە لیستێک ناوەکانیان بنێرن.

“تەمەننا دەکەین نەگەینە ئیجرائات کردن”، ئەمە قسەى ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەرى پەروەردەى رانیەیە، کە بۆ 964 قسەى کردووە.

دەشڵێت: بە هەموو پێوەرەکان دەبێت سبەینێ دەوام بکریتەوە و پڕۆسەى خوێندن دەستپێبکاتەوە، لە داواکارى مامۆستایانى ناڕازیش تێدەگەین و داواکارییەکانیان رەوان و لەسەر سەرمانن، بەڵام چیتر خویندکاران سزا نادەین.

لە بارەى ئەو رێوشوێنە یاساییانەى چین کە دەگیرێتەبەر لە کاتى نەهاتنی مامۆستایان، ئومێد تۆفیق، وتى،”ئینشائەڵا ناگەین بە ئیجرائات، بەڵام ئاگادارییەکەمان روونە و وەک ئەوەى بڵاومان کردووەتەوە مامەڵە دەکەین.

بەپێى زانیارییەکانى 964، پەروەردەکانى سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان، نووسراوى لەو دەستپێکردنەوەى دەوامیان بۆ ناوەندەکانى خوێندن کردووە.

964 پەیوەندى بە چەند لایەنێکى پەروەردەیى ئەو سنوورانە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن، یەکێک بەرپرسانى راگەیاندنى پەروەردەش، کە نەیویست ناوى بڵاوبکەینەوە بە 964ى وت،”ئەگەر مامۆستایان نەیەنەوە رێوشوێنى یاسایى دەگیرێتەبەر، بەڵام تا ئێستا نووسراوى گرتنەبەرى رێوشوێنمان بەدەست نەگەیشتووە”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنى ناڕازى مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا، بەردەوامبوونیان لە بایکۆت دووپاتکردەوە و دەڵێن: تا جێبەجێکردنى داواکارییەکانمان، لە بایکۆت بەردەوام دەبین.

“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”

“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”