شەقامێک لە شاری کرمان نزیک تەقینەوەکە. وێنە:ئاژانسی تەنسیم.
بیانوی پەلهاوێشتنی ئێرانە لە ناوچەکە
رێکخراوی داعش ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئێرانی لە ئەستۆ گرت
964+
ژووری هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ “رێکخراوی داعش” ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئێرانی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاندووە، تەقینەوەکە خۆ کوژی بووە.
کاتژمێر 6:54ی ئێوارەی ئەمڕۆ رێکخراوی داعش لە پێگە ئەلیکترۆنیەکانی خۆیانەوە رایانگەیاند، تەقینەوەی دوێنی شاری کرمانی ئێران لەلایەن دوو خۆکوژی ئەو رێکخراوەوە بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە، ماوەی نێوان هەردوو تەقینەوەکە 20 خولەک بووە.
دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیەنراوەکەی رێکخراوی داعش، میدیا فەرمییەکانی ئێران لە ئەستۆگرتنی تەقینەوەکەیان لەلایەن داعش بڵاوکردەوە.
دوێنی چوارشەممە لەکاتی بەڕێوەچوونی چوارەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەهەزاران کەس لەشاری کرمان لەنزیک گۆڕەکەی کۆببونەوە، لە دوو تەقینەوەی جیاوازدا بەپێی وتەی وەزیری ناوخۆی ئێران ژمارەی کوژراوان 84 کەس و 284 کەسی دیکەش بریندارن.
رێکخراوی داعش دەڵێت، هۆکاری ئەنجامدانی تەقینەوەکە بۆ سنووردارکردنی ئەو پەلهاویشتنانەی ئێرانە لە ناوچەکە.