دیمەنی وەرگرتنی نەوت لە لایەن هاوڵاتیانەوە - وێنە: 964
هێشتا نەگەیشتووە
نەوتە 50 ھەزاریەکەی بەغدا بۆ ناو شار نیە
میلاد جەلال – گەرمیان
هێشتا پێنج هەزار خێزانی گەرمیان نەوتیان وەرنەگرتووە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیانیش دەڵێت، نەوتە 50 ھەزاریەکەی بەغدا بۆناو شار نیە.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە 964ى وت، “ئەمڕۆ بڕیاربووە نەوتەکەی بەغدا بگاتە خەزانەکانی سلێمانی، بەڵام تائێستا نەگەیشتۆتە گەرمیان، ھەرکات بگات ئێمەش دەست بە دابەشکردنی دەکەین”.
نەوتەکەی بەغدا بەسەر دانیشتوانی ناحیەی شێخ تەویل و ناحیەی مەیدان دابەش دەکرێت، ھەر خێزانێک 200 لیتری پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی گەرمیان 360 ھەزار لیترە، بەسەر یەک ھەزار و 800 خێزان دابەش دەکرێت، بڕی 50 ھەزار دیناریان لێوەردەگیرێت لەگەڵ کرێی گواستنەوەکەی، کە تا ئێستا دیاری نەکراوە.
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتە 103 هەزاریەکە بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان دەڵێت، رۆژانە دابەشکردنی نەوت لە بەنزینخانەکان بەردەوامی ھەیە، بەڵام ھاوڵاتیان بەکەمی سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن، نزیکەی پێنج ھەزار خێزان ماوە نەوت وەربگرن، لەوانەیە پێویستیان پێی نەبێت و مەرج نیە ھەمووی وەریبگرێت”.
تا ئێستا لە کۆی 43 ھەزار خێزان لە گەرمیان کە مافی وەرگرتنی نەوتیان ھەیە، 38 ھەزار خێزان نەوتە 103 ھەزاریەکەیان وەرگرتووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی