لە هەر شوێنێک ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت
بوو بەراست.. لە یەکشەممەوە ڤەیپ و جگەرەی ئەلکترۆنی بەتەواوی قەدەغەیە
+964
زەید کۆچەر-دهۆک
لە دهۆک ئیشەکە بوو بە جدی، ئیتر لەمڕۆوە بە هەموو شێوەیەک ڤەیپ و جگەرەی ئەلکترۆنی قەدەغەیە و لەهەر شوێنێک بیبینن دەستی بەسەردا دەگرن.
بڕیارەکە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لە 31.1.2023 دەرچووە، بەڵام ئەوکات جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئیتر لەئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت و یەکشەممە بازاڕەکان دەگەڕێن.
شەمعون شلیمون ئیشو، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری ئیداری بە 964ی وت ”ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەک بڕیارمان لێدا و لەرۆژی یەکشەممەوە لیژنەکان بازاڕ دەگەڕێن، لەهەر شوێنێک بیبینن دەستی بەسەردا دەگرن”.
پێشتر مۆڵەت بە خاوەن دوکانەکان درابوو، بەڵام ئیتر وادەی مۆڵەتەکە تەواو بوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە جێگری پارێزگار باسی دەکات چەند بڕیارێکی دیکە دراوە، لەوانە:
– هەشت نان دەبێتە هەزار دینار بەمەرجێک هەر گونکێک 100 گرام بێت (خاوەن فڕن دەتوانێت نانی کەمتر بە هەزار دینار بفرۆشێت، بەڵام بەو مەرجەی نانەکان پێکەوە لە 800 گرام پێکبێن).
– کامێرای چاودێری لەو شوێنانە دابنرێت کە خواردنی لێ دروست دەکرێت.
– چاودێری ئەو مریشک و گۆشتە بکرێت کە دێتە بازاڕەوەو لەسەرچاوەکەی دڵنیابن.