"هێرشێکی گەورەی مادەی هۆشبەر لەسەر هەرێمی کوردستانە"

ساڵی 2023 بەقەد 20 ساڵی رابردوو دەست بەسەر مادەی هۆشبەردا گیراوە

964+

فەهمی نەبی

ئەمساڵ هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشێکی گەورەی مادەی هۆشبەر بووەتەوە، ئەمە قسەی سەرۆکی رێکخراوێکی هۆشیارییە دژی مادە هۆشبەرەکان، ئەوەش دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوو هێندەی ئەمساڵ مادەی هۆشبەر دەستیبەسەردانەگیراوە.

تێبینی کراوە لەو مادە هۆشبەرانەی ئەمساڵ دەستیان بەسەرداگیراوە مادەی (کریستاڵ و کەپتاگۆن) بوون

د.ئیبراهیم رەمەزان سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری و هۆشیاری دژی مادەی هۆشبەرەکان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “یەکێک لەهۆکارەکانی بەربڵاوی ئەو دوو مادەیە هەرزانی نرخەکەیان بووە، جگە لەوە لەمەوبەر سزای ئەو دوو مادە هۆشبەرە سووک بوو، بۆ نمونە ئەگەر بازرگانێک بەو مادانە دەستگیرکرابایە تەنیا سێ ساڵ زیندانی دەکرا، بەڵام ئەو یاسایە هەموارکرایەوە و رێنمایی وەزارەتی تەندروستیمان پێ دەرکرد، بەجۆرێک خرایەوە لیستی مادە هۆشبەرە مەترسیدارەکان، ئەو بازرگانەی ئێستا بەو مادانەوە دەگیرێن سزاکەیان کەمترینی 15 ساڵە”.

د.ئیبراهیم رەمەزان ئەوەش دەڵێت، مادەی کەپتاگۆن مادەیەکی پیشەسازیە، هیچ مادەیەکی سروشتی تێدانییە، ئەوەی هەیە لەچەند مادەیەکی خاوی هۆشبەر بەئاسانیی دروست دەکرێت، هاوکات لەرووی نرخەوە هەرزانە، بۆیە بەکارهێنەری زۆربووە.

حەبی جۆری کەپتاگۆن ناوە زانستیەکەی (Fenethylline)-ە، تێکەڵەیەکە لە هەردوو مادەی Amphetamine و Theophylline دروست دەکرێت، ئەم جۆری حەبە لە ساڵی 1961 دروستکراوە، سەرەتا وەک دەرمان بۆ ئەو منداڵانە بەکارهات کە کێشەی کەمی سەرنجدانیان هەیە، یانیش وەکو چارەسەرێکی جیگرەوە بۆ خەمۆکی بەکارهاتووە، بەڵام لەساڵی 1986 بەتەواوی قەدەغە کرا.

بەگوێرەی وتەی د.ئیبراهیم رەمەزان، بەپێی ئەو ئامارانەی لەلای ئەوانە، لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا هیچ ساڵێک هێندەی ساڵی 2023 مادەی هۆشبەر دەستیبەسەردانەگیراوە و بازرگان دەستگیرنەکراون، ئەگەر ئاماری پێنج ساڵی رابردوو کۆبکرێتەوە هەمووی بەسەریەکەوە بەقەد ساڵی 2023 مادەی هۆشبەر و بازرگان نەگیراون.

سێ تۆمەتبار بە چوار فەردە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران

سێ تۆمەتبار بە چوار فەردە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران