وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی فریای سەرجەم منداڵانی بێسەرپەرشت ناکەوێت
964+
هێرۆ مەولودی – هەولێر
ئەگەرچی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی منداڵانی بێسەرپەرشت دەگرێتە خۆی و خانەی تایبەتی بۆیان هەیە، بەڵام هێشتا هەموو منداڵانی بێسەرپەرشتی لەخۆی نەگرتووە.
لەمبارەیەوە تانیا جەمال، راوێژکاری پەروەردەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ 964+ قسەی کرد، ئەو دەڵێت، لە سنوری هەر پارێزگایەک تەنیا یەک خانەی تایبەتی کوڕان و کچان هەیە، کە بە پێی رێنمایی تایبەت شوێنی حەوانەوەی ئەو منداڵانەن، بەڵام رێژەی منداڵانی بێسەرپەرشت زۆر زیاترە لە خانەکانی چاودێریکردن.
964+ دەزانێت، لە هەرێمی کوردستان دەیان منداڵ هەن کە لەسەر جادە و بانەکان کاریان پێدەکرێت و نەخراونەتە هیچ خانەیەکی سەرپەرشتیکردنەوە.
سەبارەت بەوە، ئەو راوێژکارە پەروەردەییە دەڵێت، سەرەتا پێویستە وەزارەت ناوی ئەوانیش تۆمار بکات بۆ نەهێشتنی منداڵانی بێسەرپەرشت لەسەر شەقام.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەر کەسێک کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵ بێت و بێسەرپەرشت بێت، ئەوا دەبێت لە یەکێک لە خانەکانی چاودێری نەوجەوانان نیشتەجێ بکرێت.
بە وتەی تانیا جەمال، وەزارەتەکە پێویستی بە خانەی زیاترە، تا سەرجەم منداڵانی بێسەرپەرشت لەخۆی بگرێت.