خەڵک بۆ خواردن و بۆ چارەسەریش رۆنی لێدەکڕن
964+
هێڤی دێوالی- دهۆک
ڤیدیۆ
لە دهۆک کارگەیەکی دروستکردنی رۆنی سروشتی هەیە خەڵک بۆ خواردن و بۆ چارەسەریش رۆنی لێدەکڕن، وەستایەکی کارگەکەش دەڵێت لەبەر چاوی مشتەری رۆنەکە دروست دەکەین.
کارگەی رۆنی “Vida Oil” نزیکەی 21 جۆر رۆنی سروشتی بۆ خواردن و چارەسەری پزیشکی دروست دەکات و بەرهەمەکانی بەزۆری هەناردەی هەولێر و زاخۆ دەکرێن.
گرانترین رۆن کە کارگەکە دروستی دەکات رۆنی ئەرگانە. وەستا رەوەند حسێن لە “Vida Oil” ئیش دەکات، ئەو بە 964+ی وت، “[رۆنی ئەرگان] بە ئاڵتونی شل ناسراوە و نرخی زۆر گرانە و 20 ملم بە 20 بۆ 25 هەزار دینارە.”
کارگەکە نزیکەی دوو ساڵە دامەزراوە و لەسەر ئاستی عێراق یەکەم کارگەیە رۆنی ئەرگان دروست دەکات، وەستای کارگەکە دەڵێت، “ئێمە یەکەم کارگەی رۆنی سروشتین لەسەر ئاستی عێراق کە رۆنی ئەرگان دروست دەکەین، لە وڵاتی مەغریبەوە کاکڵەی ئەرگان هاوردە دەکەین.”
زۆربەی ئەو رۆنانەی کە کارگەکە دروستیان دەکات بەرهەمدێن لە گوێز هند، گوێز، جەرجیر، زەيتون، گوڵەبەرۆژە، ئەرگان، کونجی، رەشکە.