بەتایبەت بۆ ژنان

2023 ساڵى داهێنانى پزیشکى بوو

964+

وریا فەتاح

بە تێڕوانین لە دیمەنە گەورەکە، ساڵى 2023، لە زۆر رووەوە ساڵێکى سەخت بوو، شەڕ لە چەند ناوچەیەکى جیهان و کوشتارى بەکۆمەڵ و رووداوە سروشتییەکان و بومەلەرزە و گۆڕانکارییە زیانبەخشەکانى کەشووهەوا، لایەنى نەرێنى ساڵەکەن، بەڵام دیوەکەى دیکەى داهێنانە پزیشکییەکان و پاراستنى دارستان و زەریاکان، لایەنى ئەرێنى و جێى دڵخۆشین.

بەپێى هەواڵى رۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمەریکى، 2023 ساڵى داهێنانى کۆمەڵێک رووداو و پێشهاتى ئەرێنى بوو، بەتایبەت لە بواری توێژینەوەی زانستی و پزیشکیدا.

گرنگترین ئەو پێشهات و رووداوە ئەرێنیانەى لە ساڵى 2023 لەڕووى پزیشکییەوە روویانداوە، ئەمانەن:

پەسەندکردنی ڤاکسینی نوێی مەلاریا بە نرخێکی گونجاوو

لە مانگی تشرینی یەکەمی، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ جاری دووەم رەزامەندی لەسەر ڤاکسینی مەلاریا دا، کە نرخی هەر ژەمێک لە نێوان دوو بۆ چوار دۆلاردایە، تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 بەردەست دەبێت.

لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 600 هەزار کەس بەهۆی مەلاریا گیانیان لەدەستداوە و منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە سەدا 80ی مردن بە مەلاریا لە ئەفەریقا پێکدەهێنن.

پەسەندکردنی حەب بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی دوای منداڵبوون

لە ئەمەریکا، ئیدارەی خۆراک و دەرمان رەزامەندی لەسەر دەرمانێک داوە کە بۆ ژنان، ژیان دەگۆڕێت، یەکەم دەرمانە لە جۆری خۆیدا بۆ چارەسەری خەمۆکی دوای منداڵبوون، چونکە لە یەک ژن لە هەر پێنج ژنێک دوواى منداڵبون توشى خەمۆکى دەبێت.

ئەم حاڵەتە سەختە دەبێتە هۆی ئەوەی دایکانی دووگیان و تازەپێگەیشتوو تووشی نائومێدییەکی زۆر ببن و لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن.

​پێشکەوتنى گەورە لە دۆزینەوەى چارەسەرى نەخۆشى بیرچونەوە

یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییە تەندروستییەکان، نەخۆشى بیرچونەوەیە، بەڵام لەمساڵدا زاناکان کاری گەورەیان کردووە بۆ دۆزینەوەى چارەسەر کە ئەو نیگەرانییە کەمبکاتەوە.

هەرچەندە تائێستا هیچ چارەسەرێکی سەلمێنراو بۆ نەخۆشی بیرچوونەوە نییە، بەڵام ئەو توێژینەوە زانستیانەی ئەمساڵ بڵاوکراونەتەوە سەرکەوتوو بوون لە زانینی زیاتر لەسەر نەخۆشییەکە و دۆزینەوەی چەندین هەنگاو کە دەتوانین بگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە.

رێککەوتن لەسەر پەیماننامەیەک بۆ پاراستنی زەریاکان

لە مانگی ئایاری رابردوودا زیاتر لە 190 وڵات رێککەوتن لەسەر پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی زەریاکانی جیهان لە دەرەوەی سنوورە نیشتمانییەکان، ئەمەش دوای زیاتر لە دوو دەیە لە گفتوگۆکردن، نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی حوزەیران ئەم پەیماننامەیەی پەسەند کرد.

کەمبوونەوەی بڕینى دارستان لە بەرازیل

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رێژەی بڕینی دارستانەکانی ئەمازۆن لە بەرازیل بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەرزبووەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەم کارانە بە ڕێژەی لەسەدا 50 کەمیکردووە، ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنی و بەرچاوی پێکهێناوە، چونکە ئەمازۆن بە سییەکانى زەوى ناسراوە و ساڵى رابردوو بەشێکى زۆرى بەهۆى سوتانەوە لەناوچوو.