دووکەس لە زیندانن و سێ کەسیش لە دادگا
لابردنی زێدەڕۆیی زیاتر لە چوار مێگاوات کارەبای بۆ پێنجوێن گەڕاندوەتەوە
964+
کامیار کەمال ـ پێنجوێن
ئەمڕۆ یەک مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی سەر کارەبای قەزای پێنجوێن و هەڵمەتەکە زیاتر لە چوار مێگاوات کارەبای گەڕاندوەتەوە.
لە دوای پشووی سەری ساڵیش هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هیچ ماڵێک بەجێناهێڵدرێت.
بەهادین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هۆبەی چاککردنەوەی کارەبا لە پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لەماوەی ئەم مانگەدا تەنیا لە %30 ناو قەزای پێنجوێن و بەشێک لە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری گەڕاون لەبەر ئەوەی هەڵمەتەکە هەمووان دەگرێتەوە و بۆئەمەش پێویستیان بە کاتێکی زۆرە و دوای پشووی سەری ساڵیش هەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت.
وتیشی “سەرپێچیەکان بریتین لە نەبەستنی کاتژمێری کارەبا و بەستنی جۆزەى زیاد لە 16 ئەمپێری و چەتاڵکردنی کاتژمێری کارەبا بۆ ئەوەی کارەبای کەمتر بخوێنێتەوە”.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا رێژەی سەرپێچی کەمە و تهنیا %2 ـه.
ئەوەشی خستەڕوو کە، بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچیەوە لەسەر کارەبا لە ئێستادا دووکەس لە زیندانن و سێ کەسی دیکەش لە دادگا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و چاوەڕوانن دۆسیەکانیان یەکلایی ببێتەوە.
لایخۆشییهوه، جەمال سەعید بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای پێنجوێن بە 964ـی وت، بەهۆی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەوە، کارەبای پێنجوێن لەم سەرمایەشدا لە 32 مێگاوات زیاتر تێنەپەڕیوە و بەهۆی هەڵمەتەکەوە زیاتر لە چوار مێگاوات کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، كه فشاری کارەبا لە رۆژە زۆر ساردەکاندا دەردەکەوێت و ئەگەر ئەم هەڵمەتە نەبوایە پێشبینی دەکرا پێویستی کارەبای پێنجوێن تا 50 مێگاوات بڕوات.
پێنجوێن ناوچەیەکی سنوری ساردە و خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێریە و لەماوەی رابردوودا رۆژانە چوار تا شەش کاتژمێر كارهباكهى دەبڕا و چالاکوانانی قەزاکە هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان کرد.
قایمقامیەتی قەزای پێنجوێنیش وتبووى، کێشەی کارەبا بە مەرجی نەهێشتنی زێدەڕۆیی چارەسەر کردووە و پێنجوێنیش وەک کۆتا ناوچە پێوەری زیرەکی بۆ دەبەسترێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن