دادگای کەرخ داوای خالید شوانی دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لەسەر داوای دەستەی دەستپاکی عێراق، دادگا بانگهێشتی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق دەکات و بە تۆمەتی “خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی” لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانێكی بۆ خالید شوانی وەزیری داد و بەڕێوەبەری پێدانی مۆڵەتە ئەمنییەكان لە وەزارەتی داد دەركرد، داوایان لێدەكات لەبەردەم دادگای کەرخ ئامادە بن.

دەستەی دەستپاکی، خالید شوانی‌ و بەڕێوەبەرەكەی وەزارەتی دادی بەوە تۆمەتباركردووە کە دەسەڵات ‌و ئەركی خۆیان قۆستوەتەوە‌ و جێبەجێكردنی بڕیارێكی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەیان لەبارەی دۆسیەی خواردنی زیندانیكراوان‌ و راگیراوان پەكخستووە.

دەشڵێت، خالید شوانی‌ و بەڕێوەبەرەكەی وەزارەتی داد بەڵگەنامەی پێویستیان نەخستووەتە بەردەم تیمی دەستەی نەزاهە.

بڕیاره‌كه‌ بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ده‌رچووه‌.

بەپێی ئەو یاسایە هەر بەرپرسێک دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ راگرتن یان رێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دەرچووە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن یان پێبژاردن.

دوێنێ سێشەممە، رۆژی 3ی کانونی دووەم، خالید شوانی سەردانی بەشێک لە چاکسازییەکانی عێراقی کرد و رایگەیاند، خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی دابەشکردنی ئەو خواردن و کەلوپەلانە دەکات کە بۆ زیندانییەکان دابین دەکرێن.