وته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق قسه‌ی كرد

زانیاری نوێ له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ باره‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره‌ كرایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ فرٍۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، وته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق باس له‌ بوونی بریندار ده‌كات.
لیوا یه‌حیا ره‌سول وته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مڕۆ ئێواره‌ كرایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی دژی داعش له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، “هه‌ندێك گرووپی ده‌رچوو له‌ یاسا ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌ عێراقییه‌كان، كه‌ له‌ به‌شێكیاندا راوێژكار و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ن، وه‌ك ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره‌ له‌ رێگه‌ی درۆنی بۆمبڕێژكراو كراوه‌ته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری مه‌ده‌نی، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و كاری كردووه‌ته‌ سه‌ر كاتی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌”

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، “حكومه‌تی عێراق كاری چڕ ده‌كات بۆ سه‌قامگیركردنی ئاسایش له‌ هه‌موو وڵاتدا”.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ ئێواره‌ ده‌زگای دژه‌ تیرۆری كوردستان – هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌واڵی هێرشه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌ڵام باسیان له‌ بوونی بریندار نه‌كرد.
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د هوشیار به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌ 964ی راگه‌یاند، درۆنه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی مه‌ده‌نی فڕۆكه‌خانه‌ نه‌كه‌وتووه‌ته‌‌ خواره‌وه‌، هیچ گه‌شتێكیش نه‌وه‌ستاوه‌ و هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه.
له‌وه‌ته‌ی هه‌شتی ئه‌م مانگه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار بوو هێرشی درۆنی بكرێته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و هه‌ریر.

ئەمشەو جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر

ئەمشەو جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر