ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای کوردستان - وێنە: ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان
سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێیە
ئیدارەی خۆسەر داوا دەکات چاودێریی تورکیا بکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات چاودێریی ئەو هێرشانە بکەن، کە تورکیا دەیکاتە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان.
ئێوارەی دوێنێ شەممە 23.12.2023 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چەند ناوچەیەک لە قامیشلۆ و دێریک لە رۆژئاوای کوردستان، کێڵگەکانی نەوت و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان کردە ئامانج.
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023 دەڵێت، “هەموو ئەو هێزانە کە ئارەزووی گەیشتن بە سەقامگیری دەکەن هەڵوێستی رێگری لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بگرنەبەر”.
ئاماژە بەوەش دراوە، “نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و لیژنە پێکبهێنن بۆ چاودێری و بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی لە دەرەنجامی هێرشەکانی تورکیا دێنە ئارا”.
بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆسەر هۆشداری تێدایە و نووسراوە، “ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی خزمەت و رەوشی مرۆیی دانیشتوان و کاریگەری و کاردانەوەی نەرێنی لە سەرتاسەری سووریا دروستدەکەن و رێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان لە هەموو ئاست و بوارەکاندا قورستر دەکات”.