چوارقوڕنه سێ خەڵاتی باشترینەکانی بردەوە
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
تیپی تۆپی پێی یانه‌ی چوارقوڕنە توانی هەر سێ خەڵاتی باشترین یاریزان، گۆڵپارێز و راهێنەر ، بۆ مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان بباتەوە.
بۆ مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو، سەفین ئەمین یاریزانی یانەی چوارقوڕنە به كۆكردنه‌وه‌ی 25 دەنگ به باشترین یاریزان دیاریی كرا، هه‌روه‌ها سه‌رهه‌نگ عه‌بدوڵلا راهێنه‌ری یانه‌ی چوارقوڕنه به 29 ده‌نگ به باشترین راهێنه‌ر ده‌ستنیشان كرا.
له‌سه‌ر ئاستی گۆڵپارێزه‌كانیشدا، عه‌لی عه‌بدولكه‌ریم گۆڵپارێزی یانه‌ی چوارقوڕنه به باشترین ده‌ستنیشان كرا، دوای ئه‌وه‌ی 19 ده‌نگی كۆكرده‌وه.
هه‌موو مانگێك فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان باشترینه‌كانی خولی نایابی كوردستانی دیاریی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی لیژنه‌ی راگه‌یاندنه‌وه، كه ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌وانی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی كوردستان، به هاوكاری له‌گه‌ڵ كاپتن و راهێنه‌ری یانه به‌شداره‌كانی خوله‌كه، به پرۆسه‌یه‌كی ده‌نگدان باشترینه‌كان دیاریی ده‌كه‌ن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له ماڵپه‌ڕ و په‌یجی فه‌رمیی خۆیدا له فه‌یسبووك، ئه‌نجامی ته‌واوی ده‌نگدانه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه.
له ده‌نگدانه‌كه‌دا 15 راهێنه‌ر و 15 كاپتن، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری 26 ده‌زگای راگه‌یاندن به‌شداریی ده‌كه‌ن، كه ده‌زگای رۆژنامه‌وانی 964+ـیش یه‌كێكه له به‌شداره‌كان.
جێی سه‌رنجه یانه‌ی چوارقوڕنه ئه‌م وه‌رزه بۆ یه‌كه‌مجاره به‌شداریی خولی نایابی كوردستانی كردووه، ئێستاش دوای به‌ڕێوه‌چوونی 14 گه‌ڕ له خوله‌كه، یانه‌كه له پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندییه و 19 خاڵی هه‌یه.