پەرلەمانی ئەوروپا پێیدابوو
لە فڕۆکەخانەی خومەینی دەستبەسەر خەڵاتەکەی ژینا ئەمینیدا گیرا
964+
پێشەوا محەمەد
دوای ئەوەی پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە رێگەی فڕۆکەخانەی خومەینییەوە دەگەڕێتەوە ئێران، لەوێ دەستبەسەر خەڵاتی ساخارۆڤدا دەگرن، کە لە پەرلەمانی ئەوروپا بە ژینا ئەمینی درابوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023 بڵاوی کردووەتەوە، رووداوەکە دوێنێ هەینی بووە و سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی خەڵاتەکە، لێپێچینەوەیەکی زۆر لەگەڵ ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینیدا کراوە و دەستبەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گیراوە.
خەڵاتی ساخارۆڤ، یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتەکانی ئەوروپایە، پەرلەمانی ئەوروپا بە چالاکوان و ئەوانەی دەبەخشێت کە لەپێناو ئازادییە بنەڕەتییەکاندا دەجەنگن.
ئەمساڵ پەرلەمانی ئەوروپا ئەو خەڵاتەی بە ژینا ئەمینی و شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی بەخشی.
پێشتر و لە رۆژی هەشتی ئەم مانگەدا بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە مەبەستی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە ویستیان بەرەو وڵاتی فەڕەنسا سەفەر بکەن، بەڵام لە فڕۆکەخانە رێگریان لێکراو نەیانهێشت بەشداریی ئەو ئاهەنگە بکەن، بۆیە ساڵح نیکبەخت، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەکەیان لە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتەکەی وەرگرت.
لە 13.9.2022ـدا ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تۆمەتی نەکردنی حیجاب لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران رێکاری لە بەرامبەر گیرایەبەر و دواتر بە هۆکارێکی ناڕوون لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
دواتر خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو و ناوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی لێنرا.