بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیار دینار

شارەوانی هەولێر لە هەفتەیەکدا چەند پرۆژەی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

964+

توانا نەقی

شارەوانی هەولێر چالاکی یەک هەفتەی بڵاوکردوەتەوە، بەگوێرەی ئەو چالاکیانە بێت لەماوەی حەوت رۆژی رابردوودا دەیان شەقام قیرتاو کراون و زیاتر لە شەش ملیاریان بۆ خەرجکردووە.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لیستی پڕۆژەکانی هەفتەیەکی بڵاوکردوەتەوە، پرۆژەکان خۆیان لە دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردن و نۆژنەکردنەوەی بەشێک لە بازاڕ و لابردنی زیادڕۆیی و زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەبینێتەوە.

کۆی ئەو پرۆژانەی خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ماوەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر گوژمەکەی 6 ملیار و 841 ملیۆن و 200 هەزار دینار بووە

ئەو پرۆژانەی کە شارەوانی هەولێر ئاماژەی پێکردوون لە ماوەی یەک هەفتەدا:

– کردنەوەی شەقامە ناوخۆیەکانی (30م، 20م،  15م، 12م ) لە هەشتی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە لەسەر داهاتی 100% سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە گوژمەی4 ملیار و 666 ملیۆن و 200 هەزار دینار دینار جێ بەجێ دەکرێت.

– دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی 30 مەتری لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی لە نێوان پێنجی حەسارۆک و شەقامی 120مەتری بە گوژمەی 440 ملیۆن دینار.

– دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردن و کۆنکریت کردنی چەند کۆڵانێک لە هەر یەک لە گەڕەکەکانی توڕەق و مامزاوە بە گوژمەی 295 ملیۆن دینار.

– لە سەر بودجەى پارێزگا و بە گوژمەى زیاتر لە 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری، هێلکاری شوێنی تایبەتی خاوەن پێداویستی تایبەت و هەروەها بە گوژمەی 240 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رێڕەوى نابینایان لە سەنتەری شار بە کۆتاهات.

– لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆتایی بە پڕۆسەی خشتەی ناوی خاوەن زەویەکانی قەرەبووی گوندی کۆری هات بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ جێبەجێکردنی وێنەی تۆماری.

– رێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکانی بازاڕ و شوێنەکان و لادانی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.

– لادانی عەرەبانچی خەڵکی بیانی و بەنگلادیشی لە سەنتەری شار بۆ رەخساندنی کارکردنی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی شارەکەمان.

– زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر.