حاسڵاتی رووداوەکانی غەزە
دەبێت ئیسرائیل بکشێتەوە و ئێرانیش تێوەگلاوە
964+
ژووری هەواڵ
سەرەتای هەفتەیەکی تازەیەو شەڕ ناوەستێت، ئەمەش حاسڵاتی رووداوە گەرموگوڕەکانی غەزەو دەرودراوسێیە:
….
تۆماس فریدمان رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیوێتی: کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا روون و رەوان بە ئیسرائیل بڵێت شەڕەکەی لەگەڵ حەماس بێسوودەو دەبێ زوو غەزە چۆڵ بکات، دەشڵێت ناتەنیاهۆ ئەم شەڕە بۆ هەڵبژاردن دەکات.
کۆشکی سپی رایگەیاند: دڵنیابووینەتەوە لەوەی ئێران بەشێوەیەکی گەورە تێوەگلاوە لەو هێرشانەی حوسییەکان لە دەریای سوور دەیکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
ئاژانسی دەنگوباسی فەلەستینی بڵاویکردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چادرگەی جەنین و چەند شارۆچکەیەکی کەناری خۆرئاوای لە فەڵەستین.
خامەنائی رابەری ئێران دەڵێت: ئەمریکا بەشدارە لەو تاوانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات بە بەردانەوەی موشەک بۆ سەر ژنان و منداڵان و خەڵکی بێ گوناهی غەزە.
شارەوانی غەزە رایگەیاند: 78 رۆژی تەواوە لەژێر بۆردومان و کاولکاری ئیسرائیل کاردەکەین، بەڵام ئیتر بە تەواوەتی سیستەمی خزمەتگوزاریمان داڕما و ناتوانین هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەین.
بەپێی راپرسییەک کە ناوەندی ئیسرائیلی بۆ دیموکراسی ئەنجامیداوە: 65%ی ئیسرائیلییەکان بڕوایان وایە حکومەتی وڵاتەکەیان دەتوانێت حەماس لەناو ببات، نزیکەی 30%ی خەڵکەکەش ئەوە بەدوور دەزانن.