بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سیتەک - وێنە: 964+
لە دوای سەری ساڵ
دەستەی وەبەرهێنان: قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین بە دینار
964+
ژووری هەواڵ
دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لە ساڵی نوێدا هەموو وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێن کە لەبری دۆلار، بە دینار قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هاوڵاتیان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری 964 ئامادەی بوو، رایگەیاند، گۆڕانکاری و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوڵاتیان هەبووە لە پێدانەوەی قیستەکانیان.
وتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەکان ناچار بکرێن بەوەی قیستەکانیان بە دینار وەربگرنەوە، بەڵام بەشێک لە وەبەرهێنانی خۆیان بڕیاریانداوە داشکاندن لە قیستەکان بکەن.
“سەری ساڵ بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ عێراق گفتوگۆمان دەبێت، سەرجەم نرخەکان دەبنە دینار”، محەمەد شوکری وای وت.
بەوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بە قیست کڕیوە، بەهای دۆلار نزیکەی 20٪ بەرزبووەتەوە.