زیادەڕۆکانی چەند شەقامێکی سلێمانی لادەبرێن
964+
توانا نەقی
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت بەردەوام دەبن لە هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لە شەقامە قەرەباڵغەکانی ناو بازاردا.
بەشی لابردنی سەرپێچی و زیادەڕۆیی شارەوانی، بە هاوکاری بەشی پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتێکی رێکخستن و لابردنی زیادەڕۆیی ئەنجام دا.
هەڵمەتەکە، شەقامەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و قەنات و مەزادخانەی سەرەوەی گرتەوە.
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەم هەڵمەتە رۆژانەیە، بەڵام بەرنامە هەیە هەڵمەتی یەکجاری بۆ نەهێشتنی ئەو زیادەڕۆیانە کە کاسبکاران دەیکەن، نەیهێلن و نازانن کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، دوای دەوام بە شێوازێک قەرەباڵغی دروستدەکەن، هاوڵاتیانیش بە ئەستەم هاتوچۆ دەکەن.
“کاسبکارەکان هەرچەندە غەرامەیان دەکەین، بەڵام گوێی پێنادەن لەبەر ئەوە رۆژانە لە غەرامەکە زۆر زیاتر پەیدا دەکەن و بۆیە هەر بەردەوامن لەو شەقامانە”، وتەبێژی شارەوانی وای وت.