خواست بەرزە
وەزارەتی کارەبا: بڕیارماندا بە دابەشکردنی کارەبای یەکسان بۆ پارێزگاکان
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات بەرز بووەتەوە، وەزارەتەکەشی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا، “بڕی بەرهەمهاتووی کارەبا ئیتر بە یەکسانی بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشبکرێت”.
لە کۆبوونەوەکەدا بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان ئامادەیبوون، بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا بێت ئەمڕۆ سێشەممە 19.12.2023، لەو کۆبوونەوەیەدا، “بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان دراوە”.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کورستان دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی شەش هەزار مێگاوات کارەبا بەرز بووەتەوە، بەو پێیە بێت زیاتر لە دوو هەزار مێگاوات کورتهێنانیان هەیە.
پێوەری زیرەک بەدەر نەبووە لە باسەکانی کۆبوونەوەکە، وەزارەتەکە دەڵێت، بڕیار دراوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبایان راکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە، هەروەک بڕیاری کەمکردنەوەی ئەو بڕە کارەبەیە دراوە کە لە هەندێک شوێن و ناوچە بە بەردەوام پێیان دراوە.