دوو گەڕەکن
هەڵکەندنی بیرێک 200 ماڵی رانیە لە بێئاوی رزگار دەکات
964+
ژووری هەواڵ
دوو گەڕەک لە رانیە کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، ئێستا بڕیارە بیرێکیان بۆ هەڵبکەندرێت و لەو کێشەیە نەجاتیان بێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەیەوێت کێشەی کەمئاوی گەڕەکەکانی داستان و ئایندە چارەسەر بکات، لەسەر بودجەی داهاتی ئاو پارەی کۆکردووەتەوە و بیرێکیان بۆ هەڵدەکەنێت کە لە ئێستادا کارەکانی دەستیانپێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19.12.2023، ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە بە 964ـی وت، زیاتر لە 200 ماڵ لە ئەو دوو گەڕەکە دەژین، ئاوی ئەو بیرە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ماڵانە.
“تا ئێستا بیرەکە 150 مەتر قوڵکراوە، تەنیا دابینکردنی غەتاس و کارەبای ماوە… دوای تەواوبوونی دەبەسترێتەوە بە تۆڕی ئاوی ئەو 200 ماڵەوە”، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین وای وت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، لەسەر داهاتی 17٪ـی ئاو، بڕی 60 ملیۆن و 559 هەزار دینار بۆ لێدانی بیرەکە تەرخانکراوە.