سەرۆکی یەکێتی نابینایان بەڕێگا دروستکراوەکە تێپەڕ دەبێت. وێنە: پارێزگای هەولێر.
لە چوار شوێنی هەولێر
دروستکردنی رێڕەوی نابینایان لە هەولێر بەکۆتا گەیشت
964+
ژووری هەواڵ
پڕۆژەى دیاریکردنى رێرەوى نابینایان و هێڵکارى شوێنى تایبەتى خاوەن پێداویستی تایبەتی لە چوار شوێنی نێو سەنتەرى شاری هەولێر کۆتاییهات.
ئێستا لە چواردەوری قەیسەری، چواردەوری نافوورەی شار، لە بازاڕی سیروان تاکو شێخ چۆلی و بەردەم پارێزگای هەولێر، نابینایان و خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دەتوانن بەبێ گرفت هاتوچۆ بکەن و بۆ رۆشتن بەپێ پشت بەو رێڕەوە ببەستن کە لەسەر شەقامەکان دروستکراوە.
پڕۆژەى دیاریکردنى رێرەوى نابینایان و هێلکارى شوێنى تایبەتى خاوەن پێداویستی تایبەتی لەنێو سەنتەرى شار بە گوژمەی 240 ملیۆن دینار لە سەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانى هەولێر جێبەجێکراوە.
یادگار کەریم سەرۆکی یەکێتی نابینایان بۆ 964 وتی، ئەو کەسەی رێگاکە بەکاردێنێت، گۆچانی تایبەتی لەلا دەبێت و لەسەر ئەو هێڵەی دروست دەکرێت گۆچانەکە دادەنێت و بەبێ گرفت دەتوانێت رێگاکە ببڕێت.
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکی یەکێتی نابینایان لە هەولێر دوو هەزار و 500 نابینا ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە زیاتر سوود لەو رێگایە دەبینن.