تا ئێستا ئامێرەکان کێشەیان نیە

کۆمسیۆن: کاتی هەڵبژاردن درێژناکرێتەوە و کاتژمێر 6 کۆتایی دێت

فەهمی نەبی

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، هەڵبژاردن لەکاتی خۆی تەواو دەبێت و ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە.

کەمێک لەمەوبەر عەلی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، کاتژمێر 6:00 دەرگای بنکەکانی هەڵبژاردن دادەخرێت و ئەو کاتە درێژناکرێتەوە.

هاوکات ئەوەش دەڵێت، تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی ئەوتۆ تۆمارنەکراوە کە شیاوی باسکردن بێت.

ئەحلام ئەلجابری ئەندامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەهەمان سەرچاوەی رایگەیاندووە، هیچ کێشەیەک لە ئامێری دەنگدان نییە و ئەوەی لە دەنگدانی تایبەت روویدا چارەسەر کراوە و تەنیا گرفتێکی تەکنیکی بووە.

عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “ئەوان هیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە و پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت”.

ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیان لە 15 پارێزگای عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بڕیارە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامەکان رابگەیەنرێت، ئەمەش بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن.