دوای زیاتر لە 90 رۆژ

خوێندنی پۆلی 12 لە پێنجوێن دەستیپێکردەوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای زیاتر لە 90 رۆژی بایکۆتی مامۆستایان، لەم هەفتەیەوە قوتابخانەکانی قەزای پێنجوێن بە رووی قوتابیانی پۆلی 12دا کرانەوە و دەوامی ئاسایی دەکەن.

نەوزاد موشیر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی پێنجوێنی تێکەڵاو بە 964ی راگەیاند، لەم هەفتەوە بە تەواوی دەوامیان بۆ پۆلی 12کان کردووەتەوە و ئەوەیان بینیوە کە لە هەموو پەروەردەکانی دیکە دەوامی پۆلی 12 هەیە، بۆیه‌ نەیانویستووە خۆیان جیا بکەنەوە.

وتیشی، تەواوی قوتابخانە ئامادەییەکانی قەزای پێنجوێن، کە لە ئامادەییه‌كانی لەرێ، رێچکە، بانوو، پێنجوێن و سێکوان پێکدێت، دەوامیان دەستپێکردووەتەوە.

رێبین پەروێز، قوتابی پۆلی 12ی زانستییه‌ له‌ پێنجوێن و بە 964ی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی مامۆستایان مافی خۆیانە داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام زۆر دڵخۆشن بە دەستپێکردنەوەی دەوام.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئەوەی کە بۆ قوتابیان ناخۆشە ئەوەیە، وەزاره‌تی پەروەردە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی دڵخۆشکەری نەداوە بۆ قوتابیانی پۆلی 12 بۆ کەمکردنەوەی مەنهەج، لەبەر ئەوەش مامۆستایان کەمێک پەلەکردنیان پێوە دیارە لە دەرسەکانیان.

ئه‌و قوتابییه‌ ده‌ڵێت ئێستا تەنیا قوتابیانی پۆلی 12 لە ده‌وامن، بۆیه‌ چۆڵبوونی قوتابخانەکان بۆ ئەوان ناخۆشە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ 13.9.2023 وه‌رزی نوێی خوێندنی 2023-2024 ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایان له‌ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، ده‌رگای قوتابخانه‌كان داخرا، به‌ڵام دواتر له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ خوێندنی قوتابیانی پۆلی 12 ده‌ستیپێكرد.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی بایکۆتەوە خوێندنی کوردی لە خانەقین بووەتە دوو بە...

بەهۆی بایکۆتەوە خوێندنی کوردی لە خانەقین بووەتە دوو بەش